Skip to main content

تێکدەری یاری/به‌ختیار عه‌لی

ڕۆشنبیر کێیە؟ ئەوە یەکێکە لەو پرسیارانەی بەردەوام دووبارەدەبێتەوە. لە کۆمەڵگاگەلێکی وەک ئێمەشدا کە ڕۆشنبیر تێیدا بوونەوەرێکی نوێیە، پرسیارەکە قورساییەکی زۆر گەورەی هەیە‌‌و بەردەوام مانای نوێ وەردەگرێت. لەدرێژایی ئەو بیست ساڵەی رابوردوودا ساڵانە‌‌و لە زۆربەی بۆنەکاندا درێژکراوە جۆراوجۆرەکانی ئەو پرسیارەشم بیستووە: ڕۆشنبیر دەبێت چۆن بێت؟ وەزیفەی ڕۆشنبیران چییە؟ ئەی ڕۆشنبیران دەڵێن چی؟ پرسیارەکە زۆرجار بە جۆرە سەرسامییەکەوە دەکرێت، زۆرجار تارمایی گومانێکی قووڵ لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرێت. ئەوەی پرسیارەکە دەکات، بۆ چارەسەریی‌‌و دەرمانێکی ئەفسوناویی دەگەڕێت کە لای سیاسییەکان‌‌و پیاوانی دین نایدۆزێتەوە. پرسیارێکە هەرگیز وەڵامێکی تەواوی نییە. وەک چۆن پرسیارگەلی: عاشق کێیە؟ یان ئیماندار کێیە؟ هەرگیز وەڵامی تەواویان نییە. ڕۆشنبیر بەردەوام‌‌و بەپێی ساتەوختەکان دەبێت لە گۆشەی جیاواز جیاوازەوە پێناسەبکرێتەوە، ڕۆشنبیریی ئەبەدیی بوونی نییە، ئەوەی لە ساتێکدا وەزیفەی ڕۆشنبیریی هەیە، مەرج نییە لە هەموو جێگا‌‌و هەموو ساتەکاندا ڕۆشنبیر بێت.
یەکێک لەو پێناسانەی کە هەمیشە بۆ من زۆر جێگای سەرەنج بووە، ئەو تێڕوانینەی «خۆزیە ئۆرتیگا یی گاسیت» ـە کە وا پێناسەی ڕۆشنبیر دەکات، وەک سیفەتێک کە پەیوەندی بە «منی کۆمەڵایەتی»یەوە نییە. ڕۆشنبیر بەوپێیە خواست‌‌و وەزیفەیەکی کۆمەڵایەتی نییە، مرۆڤ بۆ ئەوانی تر نابێتە ڕۆشنبیر... واتە ڕۆشنبیر بە پێچەوانەی نوسەر یاخود زانا یاخود فەیلەسوف، یاخود مامۆستای زانستەباڵاکان، وزیفەیەک یان پلەوپایەیەکی کۆمەڵایەتی نییە، ئیشێک نییە، شێوە خۆنمایشکردنێک نییە، جۆرە خۆدەرخستنێکی تایبەت نییە لەسەر سەحنەی کۆمەڵگا. بەپێی «یی گاسێت» ڕۆشنبیر بۆ خۆی ڕۆشنبیرە، وە لەجەوهەردا دژ بە خۆی‌‌و لەگەڵ هەموو بەرەنگاری‌‌و ناڕازیبوونی خودی خۆیشیدا، ڕۆشنبیرە.
تێگەیشتنەکەی ئۆرتیگا یی گاسێت، لەناو بۆچوونەکاندا تایبەتمەندی خۆی هەیە. ڕۆشنبیر لە زۆربەی پێناسەکاندا بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی‌‌و فەرمانبەرێکی ئۆرگانی ناو کایەکانی کۆمەڵگایە، بۆ نمونە پێناسەی گرامشی بۆ رۆشنبیر، پێناسەیەکی تەواو سیاسییە، بەڵام پێناسەکەی ئۆرتیگا یی گاسێت، دوورتر دەڕوات... زۆر دوورتر‌‌و قووڵتر لە هەموو پێناسەکانی تر. ڕۆشنبیربوون لە جەوهەردا ناتەبابوونە لەگەڵ «خودی کۆمەڵایەتی» ـماندا. واتە ڕۆشنبیر تۆخبوونەوەی خودی کۆمەڵایەتی مرۆڤ نییە، بەڵکو بەریەککەوتنێکی ناوەکی قووڵیشە لەگەڵ خودی خۆمان‌‌و بوونە کۆمەڵایەتییەکەماندا. ئێمە ئەوکاتە نابینە ڕۆشنبیر کە لەگەڵ فەرمانە کۆمەڵایەتییەکەماندا یان لەگەڵ خودی خۆماندا تەبادێینەوە، بەڵکو لەوکاتەدا دەبینە ڕۆشنبیر کە دەکەوینە ململانێوە... ڕۆشنبیریی کاتێک دەست پێدەکات کە هەقیقەتی خودی خۆمان دەخەینە ژێر پرسیارەوە. واتە مرۆڤ هیچ کات لە دۆخی تەبابووندا لەگەڵ خۆیدا نابێتە ڕۆشنبیر، بەڵکو سەرهەڵدانی ڕۆشنبیر، سەرهەڵدانی ساتێکی ناتەبایی قووڵە هەم لەگەڵ ئەویدی‌‌و هەم لەگەڵ خوێشیدا.
تەنیا بە کۆمەکی ئەم بۆچوونەی ئۆرتیگا یی گاسێت، دەتوانین ڕۆشنبیر‌‌و ناتەبایی پێکەوە گرێبدەین. ڕۆشنبیر لە قووڵاییدا بەر لەوەی هەر چییەک بێت یاخیبوونێکی گەورەی مرۆڤە بەسەر بوونەوەرە تەقلیدی‌‌و کۆمەڵایەتییەکەی ناو خۆیدا، بەسەر چوارچێوەکانی خەیاڵ‌‌و بیرکردنەوەدا کە چوارچێوەگەلێکن ئەو دروستی نەکردون‌‌و مافی خۆیەتی لەگەڵیان ناتەبابێت.
ڕۆشنبیریی قووڵ بە ئارەزووی نەگونجانەوە گرێدراوە... ڕۆشنبیر هەوڵی تەبابوون نییە لەگەڵ خود‌‌و دەرەوەی خوددا وەک هەندێک ڕووکەش‌‌و خێرا حوکمدەدەن، بە پێچەوانەوە هەمیشە چاندنی ناتەباییە. ڕۆشنبیر ئەو کەسەیە کە هەمیشە شتێک لە ڕۆحی ناتەبایی دەخاتە ناو ساتەوەختەکانەوە. لەکاتێکدا تەواوی کۆمەڵگا لە دەوری ئەیکونێک یان بڕوایەک یان هیوایەک دەسوڕێتەوە... ڕۆشنبیر دێت‌‌و ئەو گومانە دەچێنێت کە دەیکات بە کایەشێوێن، بە تێکدەری یاری.
کۆمەڵگا هەمیشە لەسەر هیوا‌‌و قەناعەت دروستدەبێت. خودی کۆمەڵایەتی ئێمە بەدوای ئەو دیوە ئارامەدا دەڕوات کە هەمووان دوای دەکەون... واتە لە ناخی هەر یەکێکماندا هەستێکی دەستەجەمعی هەیە کە دوای ئەو دەنگانە دەکەوێت کە لەدەرەوە دێن، ئەو دەنگانەی لە زۆرینەوە بەرزدەبنەوە. لە هەر یەکێکماندا خواستێکی قووڵ هەیە بۆ تەبایی، بۆ خۆگونجاندن، بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی کۆمەڵگا... بەڵام وەزیفەی ڕۆشنبیرەکەی ناخمان ئەوەیە کە ئێستێک بەو خودە سیاسییە، کۆمەڵایەتییە بکات‌‌و بیوەستێنێت‌‌و بێدەنگی بکات. ڕۆشنبیرەکەی ناخمان هەمیشە ئەو شتەمان بیردەخاتەوە کە کۆمەڵگا‌‌و سیاسەت دەیەوێت لە بیریبکەین.
وشەی ڕۆشنبیر تەنیا دەبێت لەو کاتەدا بەکاربێت، کە کەسێک دەبینین پشت ئەستوور بە ئیرادەی مەعریفە، یارییەک تێکدەدات.. ئارامییەک دەشێوێنێت... ئەو دووبارە ناکاتەوە کە هەمووان دووبارەیدەکەنەوە.
ڕۆشنبیر ئەو دەموچاوەی دیکەی دونیا ئاشکرادەکات کە بوونەوەرە کۆمەڵایەتی‌‌و سیاسییەکەی ناومان نایەوێت بیبینێت. لێرەوە ڕۆشنبیران تەنیا لە پێناسە ئەکادیمییە سەتحی‌‌و گەمژەکاندا وەک توێژی کۆمەڵایەتی سەیردەکرێن... ڕۆشنبیر هەمیشە دیاردەیەکی سنووردار‌‌و فەردییە، ڕۆشنبیران توێژی کۆمەڵایەتی نین، فەرمانبەری کۆمەڵگا نین، بەڵکو چەند تاکێکن کە شەڕ لەگەڵ ئەو ڕۆڵانەدا دەکەن کە کۆمەڵگا پێیان دەسپێرێت.
گەمژەییە واتێبگەین ئەم فەردانییەتەی ڕۆشنبیر، ئەم تێکدانە بەردەوامەی بۆ یارییەکان لە پێناوی خۆدزینەوەدایە لە بەرپرسیارێتی، بە پێچەوانەوە، لە ساتێکدا کە بەرپرسیارێتییە کۆنەکان دەبن بە وەزیفە، دەبن بە فەرمانی سیاسی‌‌و کۆمەڵایەتی، دەبن بە هەوێنی مردن‌‌و تەبایی لەگەڵ ڕۆحی گروپدا، بەرپرسیارێتی گەورەی ڕۆشنبیر لەوەدایە کە جۆری نوێ لە بەرپرسیارێتی دروستبکات.
ڕۆشنبیر لەو کاتەدا دەمرێت کە دەبێت بە کۆپی ڕۆحی گشتی... جا ئیدی ئەو ڕۆحە هەر چۆنێک بێت. ئەمە بەو مانایە نییە کە ڕۆشنبیر تەنیا تێکدەرە، دژایەتی ڕۆحی دەستەجەمعی دەکات لە بەرئەوەی دەیەوێت تایبەت‌‌و ناتەبا بێت. ناتەبایی ڕۆشنبیر لە بنەڕەتدا سەرچاوەی هەموو میتۆد‌‌و فەلسەفەکانە. ناتەبایی ڕۆشنبیر دروستکەرە، لەو کاتانەشدا تەواو سەرهەڵدەدات‌‌و دەردەکەوێت کە ناتەبایی پێویستییەکی گەورەیە بۆئەوەی ئەگەرەکانی تر ببینین. گەر ناتەبایی ڕۆشنبیر ناتەباییەکی پاسیڤ‌‌و مردووبایە بەدرێژایی مێژوو فیکر‌‌و داهێنان‌‌و ڕێشکێنی نوێ نەدەهاتنە سەر شانۆ. بەوەدا ئەوە تەنیا ڕۆشنبیرانن ئایدیای نوێ‌‌و داهێنانی نوێ دروستدەکەن، هیچ کەس نییە بتوانێت ئەو ڕۆحە ناتەبایەیان بە پاسیڤ‌‌و نابەرپرس وەسفبکات. ئەوەی خودپەرستە ئەوانەن کە تەنیا بۆ ئافەرینی مێگەل دەگەڕێن، نەوەک ئەوانەی لەسەر حیسابی تەنهایی خۆیان شتی نوێ دەخولقێنن.
ئۆرتیگا دی گاسێت سەرهەڵدانی فەلسەفەی دەگێڕایەوە بۆ ئەو ململانێیەی کە لە نێوان ئیمان‌‌و گوماندا هەیە. ئێمە دەتوانین سەرهەڵدانی ڕۆشنبیر بگێڕینەوە بۆ ئەو ناکۆکییە لە نێوان تەبایی‌‌و ناتەباییدا دروستدەبێت... بەڵام ناتەبایی ڕۆشنبیر تەعبیر نییە لە ناتەبایی هێزێکی کۆمەڵایەتی بەرامبەر هێزێکی تر... بەڵکو تەعبیرە لە ناتەبایی ڕۆحی فەردیی ڕۆشنبیر بەرامبەر تەواوی سیستەم. ڕۆشنبیر ئەستەمە فەرمانبەری فیکر یان موەزەفی ڕاگەیاندنی هیچ گروپێک بێت، چونکە گروپی کۆمەڵایەتی یان سیاسی، هەمیشە لەسەر یەقینێک دروستدەبن، هیچ گروپێکی کۆمەڵایەتی ناتوانێت بەبێ کۆبوونەوە لەدەوری بـڕوایەکی نەگۆڕ، لەدەوری دۆگمایەک بوونی هەبێت.
ڕۆشنبیریش لە هەموو جێگایەکدا بۆ پرسیارکردن لەو یەقینە دروستدەبێت، تەنیا بەوجۆرەش دەتوانێت سیاسی بێت. گەمژەییە واتێبگەین ڕۆشنبیران بوونەوەرێکی سیاسی نیین، بەڵام جەوهەری سیاسەت لای ڕۆشنبیران لەسەر دووبارەکردنەوەی ئەوە ڕاناوەستێت کە خودی سیاسەت بەرهەمیدەهێنێت، بەڵکو لەسەر گومانکردن لێی ڕاوەدەستێت. ڕۆشنبیر ئیش بە ڕۆحە ناتەبا‌‌و یاخییەکەی سیاسەت دەکات، واتە ئەو بەشەی کە زۆرجار لە ناو سیاسەتدا جڵەودەکرێت‌‌و سنووردار دەکرێت‌‌و جێگای نابێتەوە.
ئیشی ڕۆشنبیر ئەوەیە نەهێڵێت هیچ گروپێک تا ئەوسەری ئەوسەر دوای هیچ وەهمێک یان خەیاڵێک بکەوێت. ڕەخنەی ڕۆشنبیر لە سیاسەت ناگەڕێتەوە بۆئەوەی کاری بە سیاسەتەوە نییە، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ ناتەبایی ئەو لەگەڵ ئەو ڕۆحەدا کە سیاسەت هەڵگرێتی کە گەڕانە بەدوای تەباییدا... تەبایی هەمیشە پێویستی بە دۆگما‌‌و دووبارەکردنەوە‌‌و سادەیی هەیە، ڕۆشنبیر جۆرێکی تر لە سیاسەت دروستدەکات کە لەسەر دۆگما‌‌و دووبارەکردنەوە‌‌و سادەیی ڕاناوەستێت. سیاسەت هەمیشە پێشنیاریی چارەسەریی پێیە، رۆشنبیر هەمیشە پێشنیاریی گرفت‌‌و کێشەیەکی پێیە . بەو پێیەش ئیشی ڕۆشنبیر ئەوەیە کارێک بکات سیاسی «هەر کەسێک بێت» لە گومانێکی هەمیشەییدا لە خۆی بژی.
ئۆرتیگا یی گاسێت خۆی ڕوون تەعبیری لەم رۆحە «گرفتسازە»ی ڕۆشنبیر کردوە. لە وتارێکدا ساڵی 1940 بە ناوی «ڕۆشنبیر‌‌و ئەوانیدی»ـەوە نوسیوێتی دەڵێت: «لە ڕوانینی یەکەمدا ڕۆشنبیر وەک تێکشکێن‌‌و وێرانکەرێک دەردەکەوێت، خەڵک بە «قەساب» بەراوردیدەکەن، دەستی بەردەوام لە زگ‌‌و هەناوی شتەکاندایە، بەڵام لە ڕاستیدا پێچەوانەکەی ڕاستە، ڕۆشنبیر هەتا گەر خۆشی بیەوێت، لە ئاست پەیوەندیدا بە شتەکانەوە، ناتوانێت خۆپەرست بێت. ئەو هەمیشە گرفتیان لێ دەسازێنێت، ئەوەش گەورەترین نیشانەی عەشقە».
خۆپەرست ئەوەیە کە دەیەوێت لە ئاوێنەی هێزە کۆمەڵایەتییەکاندا جوان‌‌و خۆشەویست دەربکەوێت، بەڵام عاشق بێئەوەی بیر لەو خۆشەویستییە بکاتەوە، دەردەکان دەبینێت... لێرەوە زۆرجار ڕۆشنبیریی ڕاستەقینە تەنیا بە بڕی تەنهاییەکەی دەپێورێت.
گرنگی تێزەکەی ئۆرتیگا یی گاسێت، ئەوەیە پێناسەی ڕۆشنبیر‌‌و وەزیفەکەی لە پێناسە‌‌و وەزیفەی ئەوجۆرە فەرمانبەر‌‌و کادێرە کۆمەڵایەتیانە جیادەکاتەوە. گەورەترین جیاوازیش لە نێوان ئەو دوو بوونەوەرەدا ئەوەیە، ڕۆشنبیران دەچنە ناو کتێبخانە بۆئەوەی گومان لە یەقین‌‌و هیوا گەورەکانی گروپ دروستبکەن، کادێرانی کۆمەڵایەتی دەچنە ناو کتێبخانە بۆ ئەوەی لەوسەرەوە بە یەقین‌‌و ئومێدەوە بێنەدەرێ. هەڵبەت ڕۆشنبیر مەرج نییە نائومێد بێت، بەڵام ئومێدی هەرگیز لە ئومێدی ئەوانی تر ناچێت.
ناپلیۆن بەجۆرێکی زۆر کۆمیدی تەعبیری لەم ڕۆحی ڕۆشنبیرانە کردوە‌‌و دەڵێت «ڕۆشنبیران وەک عەشیقە وان، مرۆڤ دەبێت سەردانیان بکات، قسە‌‌و گفتوگۆیان لەگەڵ بکات، بەس هەرگیز نەیانکات بە هاوسەری خۆی یاخود نەکات بە وەزیر دایانبمەزرێنێت».
«هاوسەر»‌‌و «وەزیر» دوو ناون بۆ دوو سیستمی بەرقەرار، بۆ دوو خواستی گەورەی تەبایی‌‌و ڕێکی، بەڵام ڕۆشنبیر بۆ هیچ خواستێکی هەمیشەیی‌‌و نەگۆڕ، بۆ هیچ تەباییەکی ئەبەدی‌‌و ئیمانێکی هەتاهەتایی دروست نەبووە. وەزیفەی ئەو دروستکردنی ڕێکی نییە، بەڵکو دروستکردنی ناڕێکییە. بەڵام ئەو لە بەرئەوەی عاشقی شتەکانە دەستدەخاتە هەناویانەوە، نە لە بەرئەوەی قەسابە، نە لەبەرئەوەی تێکشکێنە، بەڵکو لەبەرئەوەی گومانی لە هەموو ڕێکییەکی درۆزن هەیە.
ڕۆشنبیر یاری تێکدەرە، لە بەر ئەوەی یارییەکان گەیشتوونەتە بونبەست‌‌و بەڵام هێزە کۆمەڵایەتییەکان بە هیوان لە گەمەیەکی دووبارەدا درێژەی پێبدەن. ڕۆشنبیر یاری تێکدەرە، لە بەرئەوەی گەر یەکێک یارییەکە تێک نەدات، یارییەکە تا هەتاهەتایە، تا ناکۆتا بێ گۆڕان خۆی دووبارەدەکاتەوە.

Awene

Add new comment

The content of this field is kept private and will not be shown publicly.

Plain text

CAPTCHA This question is for testing whether or not you are a human visitor and to prevent automated spam submissions.